ئینتەرنێت چی لە مێشکمان دەکات
Oct 17, 2020
2 خولەک
411 وشە
هاوبەشی بکە:

ڕۆحم بدەرەوە

زۆر جار بۆمان پێش هاتووە کە قوفڵی تەلەفۆنەکەمان دەکەینەوە بەبێ ئەوەی کە هۆکارێکی هەبێت؟ یان زۆر جار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕین بەڵام، هەر لەو کاتەش لە مێشکمان وێنای ئەوە دەجوڵێ کە ئیشێکی گرینگمان بۆ ئەنجام دان هەیە و ناچینە سەری! یا هەست دەکەن ناتوانن بۆ مەودایێکی فرە لە سەر بابەتێک چڕ ببینەوە! وە … هتد.

ئەم بابەتانە و بابەتی فرەی هاوشێوە بۆ بەڕێز “نیکۆلاس کار”1لێکۆڵێنەری دونیای تەکنۆلۆژی پێش هات، هەر بۆیە دەستی بە لێکۆڵێنەوە کرد کە ئینتەرنێت لە سەر پرۆسەی مێشکی مرۆڤ چ کاریگەریێکی دەبێت 2؟

سەرەتا دەست دەکا بە ئەوە کە مێشک چۆن ئیش دەکا و چ کردارێک لە خۆی نیشان دەدا، کاتێک ئێمە لە ناو ئینتەرنێت نوقم دەبین. دەڵێت کە مێشکی مرۆڤ، ئامێرێکی زیندووە کە بە ڕاهێنان بە هێزتر دەبێتەوە هەر چەندە لە مێشک کاری زۆرتر بکێشین مێشک بە هێز تر دەبێت… ئەم نووسەرە دەڵێت کە تەکنۆلۆژی نوێ شێوەی چالاکی مێشکی ئێمەی کەم کردووەتەوە و ئەمەش بە زەرەر و خاوکردنی مێشکمانە.

گەر باوانی ئێمە دەیانتوانی ڕۆمانی چەندین سەد پەڕیی بخوێنن، ئێستا ئێمە ناتوانین و تەنها بە کورتە چیرۆک و رۆمانی خێرا عادەتمان گرتووە. نووسەر باسی نەخشە دەکا کە کاتێک مرۆڤ دروستی کرد و خۆی لە سەر پەڕەیەکی دوو ڕەهەندی بینی، توانای پەیداکردنی ڕێگا و بانی بۆ سادەتر بووە و ئیتر مێشک زانی لە چ شوێنێک بوونی هەیە واتە بەشی GPS3ــی مێشک چالاک کرا.

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی ئینتەرنێت، سەرهێڵ بوونیەتی واتە لە یەک دەم ژیان کردن. ئێمە بە تەلەفۆنەکەمان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەگەڕین ،وێنەی هاورێیان دەبینن، پەیام دەنێرین و… وە زۆر زانیاری دیکە بە خێرایی دەنێرینە مێشکمان. لە مەودایەکی درێژخایەن مێشک عادەت دەگرێت تا زانیارییەکان بە شێوەیەکی ورد و ڕووکەشانە وەربگرێت و بە تێپەڕ بوونی کات، تیشکۆی مێشک لە سەر ئیشێک کەم دەبێتەوە. نیکۆلاس دەڵێت:" ئێستا مێشکی مرۆڤ بەو هیوایەیە کە زانیارییەکان بە شێوەیەکی خێرا بخوێنێت و وەریان بگرێت بەڵام ئەمەش زۆرتر هۆکارە بۆ لاواز بوونی مێشک لە داهاتوو…چونکە مێشک پێویستی بە هاوپۆلکردن و شیتاڵکردنی زانیارییەکانە بە ڵام نە بەم خێراییەی سەر هێڵ"

نیکۆلاس ئاماژە بە زانایانی عەسەب دەکات و دەڵێت کە:" ڕێژەی بەکارهێنانی مێشکمان لە مەودای رۆژ،پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ وزەی دەماغ هەیە". لێرە کار و باری مێشک وەک ماسولکەیەک دەنوێنێت،هەرچەنێک کاری کەمتر لە مێشک بۆ ئەژمێر و لەبیرکردن بگرین،توانایی بە بیر هاوردنی زانیارییەکانی ڕابردوو ئەستەم تر دەبێت.

لە بەشەکانی دیکە نووسەر باسەکە دەباتە سەر گووگڵ و ستراتیجی هاوپۆلکردنی زانیارییەکان.دەڵێت کە ئەلگۆریتمەکانی ئەم کۆمپانیا چۆن دەرئەنجامی گەڕانەکان دەبات بۆ سەرچاوە تایبەتییەکانی خۆی و ئێمە لە بۆشاییێکی زانیاری مەڵە دەکەین .



  1. Nicholas Carr. ↩︎

  2. What the Internet Is Doing to Our Brains . ↩︎

  3. https://en.wikipedia.org/wiki/Global_Positioning_System Global Positioning System ↩︎